کۆمسیۆن دەستیکردووە بە وردبینیکردن لە ناوی ئەو کەسانەی فۆڕمیان وەک کارمەندی سەر سندوقی دەنگدان پێشکەش کردووە و شایستەی دارایی ئەوانەش کە فەرمانبەر نین ٢٥٠ هەزار دینار دەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، مەڕوان محەمەد، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگە کۆتا ڕۆژ بووە بۆ پێشکەشکردنی فۆڕمی دامەزراندن، ٣٢ هەزار کەس فۆڕمیان پێشکەش کردووە و وردبینی لە ناوەکانیان دەستیپێکردووە.
ڕوونیشیکردەوە کە ١٤ هەزار و ٦٠٠ کارمەندیان بۆ سەر سندوقی دەنگدان پێویستە و ٥٠٪ش وەک یەدەگ وەردەگرن.
مەڕوان محەمەد ئەوەشی خستەڕوو کە هەر کارمەندێک کە فەرمانبەر نەبێت ٢٥٠هەزار دینار وەردەگرێت و ئەوانەش کە فەرمانبەرن ١٥٠هەزار دینار و سوپاس و پێزانییان پێشکەش دەکرێت.
بڕیارە ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت.