لاهور جەنگی ڕەخنە لە هەڵوێستی داواکاری گشتی لە سلێمانی دەگرێت سەبارەت بە گرتنی هاوڵاتیانی کورد لەلایەن هێزەکانی کۆماندۆوە، هەروەها بۆ جارێکی دیکە هێرشی توند دەکاتە سەر بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و دەڵێت" ئەوەی لە سلێمانی دەگوزرێت قبوڵ ناکرێت".
لاهور جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ی تەموزی ٢٠٢٤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئەوەی ئێستا لە سلێمانی ڕوودەدات قبوڵکراو نییە و لە ڕابردوودا بێدەنگیمان هەڵبژارد بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و پێکەوە ژیان لە سلێمانی".
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا لاهور جەنگی جارێکی دیکە هێرشى توندى کرد ەسەر بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتى و وتی" بافڵ تاڵەبانی نە پۆستی حکومی هەیە و نە پلەی سەربازی کەچی جلی کۆماندۆ لەبەر دەکات و لەسەر دەبابە رەسم دەگرێت".
وتیشی" ئێمە ئەم کارانەمان لە سەدام حسێن قبوڵ نەکرد، بۆیە ئێستا کێن، تا بەرامبەریان بێدەنگ بین".
دەشڵێت" ئەوەی ڕوودەدات ئەوەیە کە هاوڵاتیان سوکایەتی بە مام جەلالی نەمر دەکەن، ئەمەش کاریگەری لەسەر من دروستکردووە، تاوانی مام جەلال چییە کاتێک منداڵەکانی ئەو کارانە ئەنجام دەدەن، ئەمەش دیسانەوە قبوڵکراو نییە".
هەروەها سەرۆکی بەرەی گەل لە لێدوانەکەیدا ڕەخنەی لە داواکاری گشتی گرت و وتی" هێزەکانی کۆماندۆ کە هاوڵاتییان دەستگیر دەکەن بەشێکن لە هێزەکانی ٧٠ و نازانین چۆن داواکاری گشتی قبوڵی دەکات کە ئەو هێزانە ئەرکی ئاسایش و پۆلیس جێبەجێبکەن و فەرمانی دەستگیرکردن جێبەجێبکەن".
ڕاشیگەیاند" لە سلێمانی هیچ وەبەرهێنەرێک نەماوە، ئەوان هەڵاتوون بۆ بەغدا و ٤٥ وەبەرهێنەریان جلی پرتەقاڵی لەبەرکرد، ناویان هەمووی لەوێیە، باس لە بوونی ئاسایش و سەقامگیری دەکەن کە ئەمەش تەواو پێچەوانەیە".
شەوی ٢٧ی ئەم مانگە له گهڕهكی راپهڕینی شاری سلێمانی گهنجێكی چایچی بە ناوی (ئاری) لە لایەن چەکدارێکی کۆماندۆوە كوژرا و کەسێکی دیکەشی بریندار کرد، ئەم ڕووداوەش کاردانەوەی توندی هاوڵاتیانی بەدوای خۆیدا هێنا.
ڤیدیۆی کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکە لەم لینکەوە ببینە