ده‌سته‌ی داكۆکیكردن له‌ سروشت و موڵكی سلێمانی: ئاگرەکەی چیای گۆیژه‌ ئاسایی نییه‌

دەستەی داكۆكیكردن لە سروشت و موڵكی سلێمانی لەبارەی ئاگرەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی چیای گۆیژە ڕایدەگەیەنێت" با ئاسایی ته‌ماشای سووتانی چیای گۆیژه‌ نه‌كه‌ین". 

دەستەی داكۆكیكردن لە سروشت و موڵكی سلێمانی، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیەندراوێكدا لە ژێر ناونیشانی (با ئاسایی تەماشای سووتانی چیای گۆیژە نەکەین)، دەڵێت" بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە بناری چیای گۆیژەی باکوری سلێمانی کەوتەوە و بەهۆی ئەو رەشەبا بە‌هێزەوە کە هەڵیکردووە لە ماوەیەکی کەمدا رووبەرێکی بەرفراوانی چیاکەی گرتۆتەوە و تا بەیانی بەردەوام بووە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان نزیکەی ١٥ هەزار داری جۆراو جۆری تەمەن جیاواز سوتاون". 

ئەوەش هاتووە" کەوتنەوەی ئاگرەکە ئەگەر لە کاتێکی تردا بوایە و کاتژمێر نزیکی ٣:٣٠ بەرەبەیانی نەبوایە رەنگە بە ئاگرکەوتنەوەیەکی ئاسایی ناوزەد بکرایە، بەلآم کاتێک کە ورد دەبینەوە لە کاتەکەی و لە بەرەبەیانێکدا کە رەشابەیەکی بەهێزیش لە ناو سلێمانیدا هەڵیکردبوو کەس خۆی پێنەدەگیرا، خەڵکانێکی سەیرانکار چیدەکەن لەو کاتەدا لەسەر ئەو چیایە تا ببنە هۆی کەوتنەوەی ئاگرەکە". 

ئاماژەی بەوەشداوە" لەلایەکی ترەوە چیای گۆیژە زۆرێک لە دارستانەکەی ئاگربڕ کراوە و لە هەندێک شوێندا ئاگربڕەکەی نزیکی ١٠ مەتر پانە، نازانین بە چ قودەرتی قادرێک ئەم ئاگرە پەڕیوەتەوە لەو ئاگربڕانە و ئەو روبەرە فراوانەی سوتاندوە، چیای گۆیژە لە سەرەتاییترین خزمەتگوزاری ئاگرکوژانەوە و ئاودێری و چاودێریکردن و دەستیکار بێبەشە". 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی، تا ئێستا هیچ سیستەمێکی ئاگرکوژاندنەوەی نییە، بگرە لەوەش زیاتر لە هەموو چیای گۆیژەدا تاکە بیرێکی تێدا نییە لە کاتێکدا کە بە بڕێک پارەی کەم دەتوانرێت چەندان بیر هەڵبکەندرێت و لەو روشەوە روپێوی (کەشفی) بۆ لێدانی بیری بۆ کراوە، بەلآم پارەی بۆ خەرجناکرێت. 

هەروەها دەستەکە لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هێمای بۆ ئەوەش كردووە" ژمارەی ئەو کرێکارانەی کە ئاودێری و چاندانی نەمام و ئاگربڕیش دەکەن بۆ ئەو چیا گەورەیە تەنها ١٠ کرێکارن، لە کاتێکدا لە ساڵانی رابردوودا رۆژانە سەدان کرێکار کاری لەو چیایەدا کردوە". 

دەستەی داكۆكیكردن لە سروشت و موڵكی سلێمانی دەشڵێت" هەرچەندە لە بناری چیاکە بنکەیەکی پۆلیسی لێیە، بەڵام نە جێگەی بنکەی پۆلیسەکە باشە، نە ئەو ژمارە کەمەش دەتوانێ سەرپێچیکردن لەو چیا گەورە قەرەباڵغەدا رابگرێت، لە کاتێکدا کە پێویستە ئەو چیایە لە هەموو شوێنێکەوە لەلایەن پۆلیس و بگرە لە رێگای کامێراشەوە چاودێری بکرێت". 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی لایەنە دەسەڵاتدارە ئیدارییەکانی پارێزگای سلێمانی و دادگا و داواکاری گشتیش ئاگاداردەکەنەوە کە بەرامبەر ئەو سوتانە هەریەکە و لەلای خۆیەوە هەڵوێستەیەک بکات و بە رووداوێکی ئاسایی تەماشای نەکات، " لە کاتێکدا کە پێشتر ئێمە سوتانی لەو جۆرە بە دەستی ئەنقەست و بۆ بەرژەوەندی تایبەتی لە گۆیژە و شوێنەکانی تری سلێمانیمان بینیووە". 



PM:08:49:29/07/2024