"سزادانی سلێمان ئەحمەد مۆرێکی دیکەی شەرمەزارییە بە نێوچاوانی دەسەڵاتی دادوەرییەوە"

فیدراسیۆنی ڕۆنووس لەبارەی سزادانی سلێمانی ئەحمەدی ڕۆژنامەس ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن" مۆرێکی دیکەی شەرمەزارییە بەنێو چاوانی دەسەڵاتی سیاسی لە ناوچەکە و سیستەمی دادوەریی لە هەرێم". 

فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ (ڕۆنووس)، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ی تەموزی ٢٠٢٤ لەبارەی سزادانی ڕۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە" بە توندی سەرکۆنەی بڕیاری سزادانی ڕۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد دەکەین کە لە ژێر سێبەری دادگا و بە ناوی دادگاوە، سیاسییەکان پیلان و بەرنامەیان بۆ داڕشتووە". 

دەشڵێن" سزادانی ئەم ڕۆژنامەنووسە، بە تۆمەتێک کە هیچ بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی نەخراوەتەڕوو و بۆ ڕای گشتی ئاشکرانەکراوە، واتە هەمان ئەو تۆمەتانەی، تۆمەتی سیخوڕی و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێم، چەند ساڵ پێش ئێستا ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنی ناوچەکانی بادینانی پێ سزادران، مۆرێکی دیکەی شەرمەزارییە بە نێوچاوانی دەسەڵاتی سیاسی لە ناوچەکە و سیستەمی دادوەری لە هەرێمی کوردستان". 

فیدراسیۆنەکە داوا لە سەرجەم ڕێکخراو، سەندیکا، سەنتەر و پلاتفۆرمەکانی تایبەت بە داکۆکی لە مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین، تەواوی ئازادییخوازان، ڕۆژنامەنووسان و نوسەران و چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەن کە هەڵمەتێکی فراوان بۆ پێداچوونەوە بە بڕیارەکە ڕێکبخەن. 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا دەشڵێن" ئازادی بۆ ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد و تەواوی ئازادییخوازان، بەردەوامی بۆ خەباتی مەدەنی، ئازادی دەربڕین و نووسین". 

ئەمڕۆ لە لایەن دادگای دهۆکەوە سزای سێ ساڵ زیندانیکردن بەسەر سلێمان ئەحمەد رۆژنامەنوس و هەواڵسازی ماڵپەڕی (ڕۆژ نیوزدا) سەپێندرا. 



PM:09:08:29/07/2024