ژنێکی کورد کە دایکی دوو منداڵە بە دەستی باوکی کوژرا

لە شاری سەڵماسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژنێکی تەمەن (٢٥) ساڵان کە دایکی دوو منداڵی کچە لە ناو ماڵەکەی خۆیدا لە لایەن باوکییەوە کوژرا.

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، جانە پیرنژاد تەمەن (٢٥) ساڵ لە گوندی کوزەڕەش سەر بە شاری سەڵماسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن باوکییەوە کوژرا.

ڕێکخراوی هەنگاو ڕاشیگەیاندووە" باوکی جانە سەری کچەکەی لە نێو تەشتی ئاو خستووە و بەو شێوە لە ناو ماڵەکەی خۆیاندا خنکاندویەتی". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، جانە دایکی دوو منداڵی کچە، هاوسەرەکەشی پیشەی کرێکارە و لە کاتی کوشتنی جانە لەلایەن باوکییەوە، لەو گوندە نەبووە.

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٦٩ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران لەلایەن کەسانی نزیک و ئەندامانی بنەماڵەیانەوە کوژراون کە ١٢ حاڵەتیان بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بووە. 



AM:12:01:30/07/2024