دەستەی کۆمسیارانی عێراق بڕیاریدا لە ١١ی ئابدا تیروپشک بۆ کارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدان ئەنجام بدات.
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان زیاتر لە ٤٣ هەزار کارمەندی هەیە بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان".
ڕوونیشیکردەوە، ئەوانەی وەرگیراون بۆ کارکردن وەک کارمەندی سەر سندوقەکانی دەنگدان لەسەر ڕێکارەکانی میکانیزمی دەنگدان ڕاهێنانیان پێدەکرێت، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە بە دەستپاکی و شەفافیەت و بێلایەنی و دادپەروەری بەڕێوەدەچێت.
ئەوەشی خستەڕوو، لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی عێراق رۆژی یەکشەممە ١١ی ئابی ٢٠٢٤ تیروپشک بۆ ناوی کارمەندانی سەر سندوقەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە شاری هەولێر دەکرێت.
ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ وەک وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە.
هەروەها لە کۆتایی مانگی تەموزی ئەمساڵدا حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، سەرجەم مەرجە پێویستەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی یاسادانان لە هەرێمی کوردستان دابینکردووە کە بڕیارە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.