پاش ئەوەی زەوی کشتوکاڵی ئامادەیی بەکرەجۆ درا بە کۆمپانیایەک بۆ دروستکردنی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون و بڕیارەکەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، لە ئێستادا دەستکراوە بە فرۆشتنی ئەو یەکە نیشتەجێبوونانە.
بەپێی ئەو ڕیکلام و ڤیدیۆیانەی کە لە پەیجی (بەکرەجۆ هیڵس) بڵاوکراوەتەوە، لە ئێستادا دەستکراوە بە فرۆشتنی یەکە نیشتەجێبوونەکانی زەوی کشتوکاڵی ئامادەیی بەکرەجۆ.
زەوی ئامادەیی كشتوكاڵی بەکرەجۆ کە سەر بە پەروەردەی سلێمانییە و (١٨٢) دۆنمە بە فەرمانێك دراوە بە کۆمپانیای (بەڕێز) بە مەبەستی دروستکردنی پرۆژەی نیشتەجێبوون لە شوێنیدا.
ئەم بڕیارەش نارەزایەتی خەڵکی لێکەوتەوە و چەندان بابەتی جیاجیا لە میدیکان بڵاوکراونەتەوە بووبە بابەتی رای گشتی، لەئێستاشدا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی هەڕەشە دەکات ئەگەر کارەکە هەڵنەوەشێنرێتەوە، دەست لەکاردەکێشێتەوە.
چەندجارێکیش ناوبراو لە میدیاکانەوە بە راشکاری قسەی لەم بارەیەوە کردووە، هەروەها وەزیری پەروەردەش رازی نەبووە لەوەی رەگەزی ئەم زەوییە بگۆڕدرێت، تا ئێستاش ناوبەناو گرووپ و دەستە لە سلێمانی سەردانی دڵشاد عومەر دەکەن و پشتگیری دەکەن.