یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) ڕایگەیاند کە توانیویانە دوو کچی ئێزیدی و منداڵێکی ڕفێندراو لە کەمپی هۆل و ناوچەی سنووری نێوان سوریا و عێراق ڕزگار بکەن.
یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" دوو کچی گەنج و منداڵێکی کچیان رزگار کردووە کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا لە کاتی هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری لەلایەن چەکدارانی ئەو گرووپەوە رفێنرابوون".
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، یەکێک لە کچەکان ناوی عەزیزە خالید عەلی-یە و تەمەنی ٢٥ ساڵە، ئەوی دیکەش ناوی تەواف داود چەتۆیە و تەمەنی ٢٤ ساڵە، منداڵە کچەکەش ناوی خونافە و لە کاتی ڕفاندنیدا تەمەنی تەنها دوو مانگ بووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە" عەزیزە خالید عەلی و خوناف لە کەمپی هۆل لە ناو خاکی سوریا ڕزگارکران، هاوکات تەواف چەتۆ لەسەر سنووری سوریا و عێراق دۆزراونەتەوە و دوای لێکۆڵینەوەش دەرکەوت کە کچێکی کوردی ئێزیدی خەڵکی گوندی عوزێری سەر بە شەنگا بووە و هەوڵی داوە خۆی ڕزگار بکات.
ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ ئەندامانی داعش هێرشیانکردە سەر قەزای شەنگال لە ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا و ژمارەیەکی زۆر لە ئێزیدی کوژران و برینداربوون، هەروەها ئاوارەبوون و ناوچەکانیان خاپوور کرد.