ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" هەزاران و سەدان هەزاری وەکو من گومانمان لە ئاگرەکانی گۆیژە هەیە و بە سیناریۆیەکی درێژکراوەی هەڵدڕینی سنگ و دڵی چیاکەی ئەزانین".
مەحمود رەزا ئەمین ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان،
لە وتارێکیدا بە ناونیشانی (بە بۆنەی ئاگرەکانی چیای گۆیژەوە: سم سمی کەر و چنگ چنگی عاسێ!
) کە لە بەشی بیروڕای ماڵپەڕی (سپی) بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاندووە" کورت و کرمانجی، هەزاران و سەدان هەزاری وەکو من گومانمان لە ئاگرەکانی گۆیژە هەیە و بە سیناریۆیەکی درێژکراوەی هەڵدڕینی سنگ و دڵی چیاکەی ئەزانین".
دەشڵێت" ئەم زانیاریانەی خوارەوە کە لە وتارێکی بێ خاوەن و راگەیەنراوێکی دەستەی داکۆکی لە سروشت و موڵکی سلێمانی، لە سەر ئاگری یەکەم، ئاگرەکەی بەرەبەیانی ٢٩ی تەموز، وەرم گرتون، گومان لە یەقین نزیک ئەکەنەوە، دەستێکی تەماحباز ئەم یارییە بکا".
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو روبەرەی ئاگری یەکەم سوتاندی، ٢٠٠ دۆنم بوە، ئاگرەکە نزیکەی ١٥ هەزار داری جۆراوجۆر و تەمەن جیاوازی سوتاندوە، تەمەنی سنەوبەرە سوتاوەکان ٥٠- ٦٠ ساڵ بوە، دو ساڵە ٦ جار لە لایەن ژمارەیەک "پارەدار- پارەدارکراو!"ەوە، داوای ئەو شوێنە کراوە بۆ ئەوەی بیکەن بە یەکەی نیشتەجێبون، دەزگای وەبەرهێنان داواکانیانی خەواندوە، بەڵام رەفزی نە کردون، دوای سوتاندن "وەبەرهێنان "بیانوی نامێنێ شاباشیان نەکا".
مەحمود ڕەزا ئەمین لە بەشێکی دیکەی نوسینەکەیدا ڕاشیگەیاندووە" بێجگە لە ئاگری یەکەم و دوەم و سێیەمی رۆژانی رابردو، لە ماوەی ساڵانی رابردوا، نزیکەی ١٣ هەزار دارسنەوبەر لە شاخی گۆیژە سوتێنراون، با تاوانەکانی جەندرمە و درۆنی تورکیای داگیرکەریش لەولاوە بوەستن، کە چۆن هێڵە بە بڕینەوە و سوتاندنی دارستان و پوشوپاوانی وڵاتەکەمان و لەوتاندنی ژینگەکەمان ئەکەن".
وتیشی" ساڵانێک پێشتر چارەنوسی سنەوبەرەکانی رێگای تاسڵوجەمان بینی، بە چ سیناریۆیەک وێخ و واریان دەر هێنان و دەیان هەزار تەن چیمەنتۆ و بلۆکی کۆنکرێت مسەلەحیان لە جێگەیان قوت کردەوەم، بۆیە خەڵکی شارەکە متمانەیان بە لێدوانە حیزبی و حوکمەتییەکانی ناوچەکە نەماوە کە، دەستی قەدەر لەناویان ببا، لە ٣٣ ساڵی حوکمڕانی خۆماڵیا، دەسەڵاتداران رایان هێناوین قەیرانێک بە خولقاندنی قەیرانێکی تر لە بیری خەڵک بەرنەوە، هەزارانی وەک من، هەقمانە وا زەین بکەین کە ئاگری دوەم (ئاگری رۆژ) و ئاگری سێیەم (ئاگری پێش نیوەشەو) بۆ داپۆشینی دەستی پلانبازی ئاگری یەکەم نرابنەوە".