لە ئەنجامی بۆردومانەکانی تورکیا گوندێکی ئامێدی بە تەواوی سووتا

ئەمڕۆ هەینی ٢ی ئابی ٢٠٢٤ لە ئەنجامی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا گوندێکی سنووری قەزای ئامێدی بە تەواوی سووتا، هەروەها هەر ئەمڕۆ تورکیا لە یەک کاتدا سێ گوندی بۆردومانکرد. 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، ئەمڕۆ لە ئەنجامی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا گوندی (گیرگاش) لە قەزای ئامێدی بە تەواوی سووتا کە لە سەرەتایی هێرشەکانی تورکیا بۆ سنووری قەزای ئامێدی بە تایبەت لە چیای مەتین خەڵکی گوندی گیرگاش و چوار گوندی دیکەی بناری چیای گارە چۆڵکراون، بەڵام لە ئێستادا چەند هاوڵاتییەک شوێنی حەوانەوەیان بۆ خۆیان دروستکردووە و لە ناو ڕەز و باخەکانیان. 

هەر بەپێی زانیارییەکان، بەهۆی تۆپبارانی تورکیاوە گوندەکە و تەواوی ڕەز و باخی هاوڵاتییانی ئەو سنوورە سوتان و زیانێکی زۆری ماددی بەر هاوڵاتیانی گوندەکە کەوتووە و ئاگرەکەش تائێستا بەردەوامە. 

گوندی گیرگاش دەکەوێتە بناری چیای گارە لە سنووری قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک، پێشتر گوندەکە چۆڵکرابوو، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی ئاگرەکەوە ئەو گوندە بە تەواوی سوتا. 

هەر بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، کاتژمێر (٥:٣٠)ی ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا چیای (گارە، مەتین، زێباری) لە سنووری قەزای ئامێدی بۆردمانکرد. 

سوڕانەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بۆ ماوەی (٤٠) خولەک بەردەوام بووە و ئەو شوێنانەشی کە بۆردومانکراون دوور بوون لە هاوڵاتییانی مەدەنی، بەڵام بە بیانووی بوونی بارەگاکانی گەریلاکانی پەکەکە تورکیا ئەو شوێنانەی بۆردومانکردووە. 


PM:06:32:02/08/2024