لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ٥٥ کەس لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سێدارە دراون کە بەراورد بە مانگی پێشووتر ٤٤ حاڵەت زیادی کردووە.
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە" لە ماوەی مانگی ڕابردوودا سزای سێدارەی ٥٥ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێکراون".
ڕێکخراوی هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو ٥٥ بەندکراوە ١٤ بەندکراوی تورک، ٨ بەندکراوی ئاینی، ٦ بەندکراوی کورد، ٣ بەندکراوی گیلەک و ٣ بەندکراوی لوڕ لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێکراوە، هەروەها لانیکەم ٧ هاوڵاتی خەڵکی ئەفغانستانیش لە مانگی ڕابردوودا لەسێدارە دراون.
ئەوەشی خستەڕوو، سزای سێدارەی کامران شێخە بەندکراوی ئاینی کورد و خەڵکی مەهاباد لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە جێبەجێکراوە، هەروەها سزای سێدارەی لانی کەم پێنج ژن لە بەندیخانەکانی بیرجەند (٣ حاڵەت) و شیراز و خوڕەمئاوا هەریەک ١ حاڵەت جێبەجێکراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی مانگی حوزەیراندا تەنها ١١ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سێدارە درابوون، بەوپێیەش بێت (٤٤) حاڵەتی سزای سێدارە لە بەندینخانەکانی ئێران زیادی کردووە.