لە ناوچەی خەلیفان لە کاتی مەلەکردندا کچێکی تەمەن ١٤ ساڵان خنکا، و لەلایەکیترەوە گەنجێکی دیکە کە تەمەنی ژێر ١٥ ساڵە لە سنوری چەمچەماڵ خنکا.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ئاگادارکراینەوە لە بوونی حاڵەتێکی خنکان لە ناوچەی خەلیفان، دەرکەوت پێنج کەس کەوتونەتە نێو ئاو، لە ئەنجام دا کچێک بە ناوی (لانە حمدامین صۆفی) تەمەن ۱٤ ساڵ خنکا و تەرمەکەی دەرهێنراوە.
ئاماژەی بەوەکرد، دوو کەسی تر بە ناوەکانی (ئاشنا حمدامین صۆفی) تەمەن ۱۷ ساڵ و (سیما حەسەن) تەمەن ۱۹ ساڵ بردران بۆ نەخۆشخانە، (ئاشنا صۆفی) ئێستا لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە و دوو کەسی تر بە سەلامەتی ڕزگارکران کە هەموویان خەڵکی ناوچەکە بوون.
هاوکات هەر ئەمڕۆ مێردمنداڵێكی دیکە کە تەمەنی ژێر١٥ ساڵە، لە گۆمێكی قوڵی تەنیشت ئاوی زێی بچووك لەنێوان گوندەكانی گۆپتەپە و كانی هەنجیر لە سنووری چەمچەماڵ خنكاوە، تەرمی ئەو هاونیشتمانییە لەلایەن تیمەكانی غەواسی گۆپتەپە دەرهێنراوەتەوە و رادەستی كەسوكاری كراوەتەوە.