"جەخت لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال دەکەینەوە"

مەسرور بارزانی (١٠)یەمین ساڵیادی جینۆسایدی هاوڵاتییانی ئێزدی ڕایدەگەیەنێت" جەخت لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال وەکوو خۆی دەکەینەوە". 

مەسرور بارزانی سەرۆکی حكومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، بەیانی ئەمڕۆ شەممە لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ ١٠ ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری تێدەپەڕێت كە لە ئەنجامی هێرش و پەلاماری داعش، هەزاران كەس لە دانیشتووانی دەڤەری شنگال، کۆمەڵکوژ کران و دەیان هەزاری دیکەش بێسەروشوێن و ئاوارە بوون". 

بارزانی ڕاشیگەیاندووە" حكومەتی هەرێمی كوردستان، دووپاتی دەکاتەوە کە بەردەوامە لە هەوڵەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی نالەباری شنگال و دەوروبەری و کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە دەکات، بۆ ئەوەی زەمینە بۆ گەڕاندنەوەی خوشک و برا ئێزدییە ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان خۆش بکرێت".

ئەوەشی خستەڕوو، جەخت لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال وەکو خۆی دەکەنەوە تا ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە و پاراستن و بەڕێوەبردنی دەڤەرەکەش بدرێتە دەست خەڵکی ڕەسەنی شنگال.



AM:08:23:03/08/2024