"پێویستە ئەو دۆخە نائاساییەی بەسەر شەنگالدا سەپێنراوە کۆتایی بێت"

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا ڕایدەگەیەنێت" پێویستە كۆتایی بەوە بێت لایەنەكان ژان و ئازارەكانی شنگال بۆ مەرامی سیاسی و خۆسەپاندن و ئاڵۆزتركردنی دۆخی شنگال بەكار بهێنن"، دەشڵێت" ئەو دۆخە نایاسایی و نائاساییەی ١٠ ساڵە بە ناهەق بەسەر خەڵكی ئەو دەڤەرە سەپێندراوە كۆتایی بێت". 

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە لە پەیامێکدا ڕایگەیاند" جینۆسایتکردنی شنگال و ئەو تاوانەی چەکدارانی داعش ١٠ ساڵ بەر لە ئێستا دژی ئێزیدییەكان ئەنجامیاندا برینێكە لەسەر جەستەی گەلی كوردستان".

دەشڵێت" ئەو تاوانە هاوشێوە و درێژەكراوەی ئەو جینۆساید و كۆمەڵكوژی و تاوانانەیە كە بە درێژایی مێژوو بەرانبەر گەلی كوردستان ئەنجام دراوە.

لە پەیامەکەی مەسعود بارزانیدا ئەوەش هاتووە" جەخت لەوە دەكەینەوە كە بە هەموو توانایەك پاڵپشتی ماف و داواكاری ئێزیدییەكان و دانیشتوانی دەڤەری شنگالین، پێویستە ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لەمەڕ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ بكرێت و ئەو دۆخە نایاسایی و نائاساییەی دە ساڵە بە ناهەق بەسەر خەڵكی ئەو دەڤەرە سەپێندراوە كۆتایی بێت". 

بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە كۆتایی بەوە بێت لایەنەكان ژان و ئازارەكانی شنگال بۆ مەرامی سیاسی و خۆسەپاندن و ئاڵۆزتركردنی دۆخی شنگال بەكار بهێنن و دەبێ ڕێگە بدرێت ئێزیدیەكان لە شنگال بە سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و لە ئاشتی و ئارامیدا بژیین.



AM:10:52:03/08/2024