لیژنەی ئەمنی پەیوەندیدار بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران کۆدەبنەوە

ئەمڕۆ شەممە، لیژنەی ئەمنی بەرپرس لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لە شاری سلێمانی ئەنجامدا.

لە ڕاگەیەندراوێکدا نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، ئاماژە بەوەدەکات، بەسەرپەرشتی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی و ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، لیژنەی ئەمنیی پەیوەندیدار بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبوونەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ( سپی)  " ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی بەردەوام بەمەبەستی جێبەجێکردنی ئەو بڕگانە دێت کە لە ڕێککەوتنی ئەمنی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێراندا هاتووە  سەبارەت بە  چەک کردنی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و راگواستنیان بۆ کەمپەکانی نیشتەجێبوون".

ساڵی ڕابردوو بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنی ئەمنی ئێران و عێراق، زۆرێک لە بارەگاکانی حیزبە کوردییەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی لەو ناوچانە چۆڵکران، یان چەکی گەورەی تێدا نەهێڵراو زیاتر چەکی بچووکیان تێداماوە بۆ پاسەوانیکردنی سەرکردەو کادیرانیان.

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی پێشتر ڕایگەیاندبوو کە عێراق پابەند بووە بە ڕێککەوتننامەی ئیمزاکراوی نێوان تاران و بەغدا، بە چەک داماڵینی گروپە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان و جێگیرکردنیان لەناو کەمپداو، دەبوایە پێش ١٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ بەرتەواوی جێبەجێکرایە.

لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢دا کۆماری ئیسلامی ئێران بە بیانووی مەترسی لەسەر ئەمنی قەومی وڵاتەکەی چەندان هێرشی درۆن و مووشەکی کردە سەر بارەگاکانی دیموکرات لە کۆیە و پارتی ئازاد لە نزیک هەولێر و بارەگاکانی کۆمەڵە لە زرگوێزی نزیک سلێمانی.

ئەم هێرشانەش لەسەروبەندی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ژینا ئەمینیدا بوون کە سەرتاسەری ئێرانی گرتبوەوە.


 




PM:04:52:03/08/2024