پارێزگاری ههولێر ئاشکرایکرد بەمزوانە هاوکاری زیانلێکەووتووانی بازاڕی قەیسەری هەولێر دەست پێدەکات و بڕی پێنج ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری ههولێر به ماڵپهڕی فهرمیی پارتی ڕاگەیاند" بەمنزیکانە سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان لە ڕێگەی بەرنامەیەکەوە هاوکاری زیانلێکەووتووانی بازاڕی قەیسەری هەولێر دەکات".
هەروەها دەشڵێت" دوای ئەوەی بە فەرمان و راسپاردەی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان مەسروور بارزانی، پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری هەولێر دەستیپێکردوە و گووژمەی پێنج ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکرا و زووتر لەو ماوەیهش بۆی دیاریکراوە کاری نۆژەنکردنەوە تەواو دەبێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، بە زوویی هاوکاری دووکاندار و زیانلێکەوتوانی بازاڕی قەیسەری هەولێر دەکرێتەوە، وتیشی"پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی قەیسەری هەولێر لە ڕێگەی بەڵێندەرایەتی ڕۆژانە لەلایەن دوو کۆمپانیاوە بەچەندین شەفت کاری تێدا دەکرێت".
ئومێد خۆشناو، ئهوهشی خستهروو "وێڕای ئەوەش پێشتر بڕیاری لێخۆشبوون بەڕێژەی لەسەدا ٥٠ لەسەر باجی ساڵی ٢٠٢٣ و بۆساڵی ٢٠٢٤یش لەسەدا سەد درا، بڕیاری لێخۆشبوونیش لە کرێی کارەبا و زبڵ و خاشاک و کرێی دووکان بۆ کاسبکارانی قەیسەری درا".
شەوی ٥ی مانگی حەوتی ئەمساڵ لە بازاڕی قەیسەری ھەولێر ئاگرێکی گەورە کەوتەوە کە بەهۆیەوە ٢٢٧ دوکان و ٧ کۆگای بچووکی بازاڕەکە سووتان ١٣٢ کەسیش بریندار بوون.