ئەمڕۆ لیژنەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق سەردانی هەرێم دەکات

ئەمڕۆ لیژنەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق سەردانی هەرێم دەکەن بۆ کاری هاوبەش لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێم لەسەر ئامادەکردنی لیستی مووچەی مووچەخۆران و وردبینی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بەوجۆرەی کە بەغدا داوای دەکات.

بەگوێرەی هەواڵێکی میدیای یەکێتی بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە٤ی ئابی ٢٠٢٤، لیژنەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق، بۆ کارکردن لەسەر ئامادەکارییەکانی لیستی مووچەی مووچەخۆران سەردانی هەرێم بکەن، و بە هاوبەشی لەگەڵ بەشی ژمێریاریی لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمکارە ئەنجام بدەن.

بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکان یەکێک لە ئامانجەکانی لیژنەکەی وەزارەتی دارایی عێراق،لەو کارە هاوبەشە، ئامادەکردنی مانگانەی لیستی مووچە و دەرخستەی کۆتایی مانگەکان، هاوشێوەی ئەوە بێت وەزارەتی دارایی عێراق داوای دەکات.

هاوکات، لیژنەکەی وەزارەتی دارایی عێراق راهێنان بە کارمەندانی بەشی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەکەن، بۆ چۆنیەتی ئامادەکردنی لیستی مووچە و وردبینی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان.




AM:10:04:04/08/2024