بڕیارێکی دەستەی دەستپاکی لەسەر سەرپێچێکی خوێندنی باڵا جێبەجێ نەکراوە

نزیکەی ٤ مانگە دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی لەسەر سەرپێچێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەبارەی وەرگرتن بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا، دبلۆمی باڵا دەرکردووە، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی ناوبراو کاری پێ ناکات.

بە پێی نوسراوێکی فەرمی کە لەدەستەی دەستپاکییەوە رۆژی ١٦ی ٤ی ٢٠٢٤ ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کراوە لەبارەی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی( دبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣- ٢٠٢٤، کە وەزارەتی ناوبراو پلەی دەرچوونی لە ١٥ نمرە بۆ ١٠ نمرە دابەزاندووە لە کۆی ٣٠ نمرە بۆ سەرجەم ئەو خوێندکارانەی پێشکەشی خوێندنی ئەم سێ ئاستەیان کردووە، هەروەها زیادکردنی ٥ نمرە بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و کیمیاباران.

لە نوسراوەکەی دەستەی دەسپاکیدا وەزارەتی خوێندنی باڵا هەڵبستێت بە پۆلێنكردنی ئەو خوازیارانەی خوێندنی باڵا كە بەپێی رێساكانی كارپێكراوەكان وەرگیراون بۆ ئەوەی گروپی یەكەم بەردەوام بێ لە خوێندنی خۆیان و سەبارەت بە گروپی دووەم بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی وەرگیراوان بدرێت، هەروەها خاڵێکی تریش کە پەیوەندی بە خاڵی سەروە هەیە هاتووە، ئەگەر وەزارەتەكەتان نەیتوانی خاڵی دووەم جێبەجێبكات ئەوا سەرجەم پرۆسەی خوێندنی باڵا بۆ ساڵی ( ٢٠٢٣ - ٢٠٢٤ ) هەڵبوەشێنێتەوە و دووبارە دەرفەت بدرێت بۆ پێشكەشكردن بۆ خوێندنی باڵا لە پرۆسەیەكی نوێدا.

سەرباری ئەوەی لە مانگی ٤ی ئەمساڵەوە ئەم بڕیارەی دەستەی دەستپاکی دەرچووە و دەبوایە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە جێبەجێ بکرایە، بەڵام بە پێچەوانەی ئەم بڕیارە خوێندکارە وەرگیراوەکان دەستیان بە توێژینەوە کردووە.






PM:12:58:04/08/2024