ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی ئابی ٢٠٢٤ جوتیارانی سنووری پارێزگای کەرکوک دژی وەرنەگرتنی بەشێکی گەنمەکانیان گردبوونەوە.
ئەمڕۆ جوتیارانی سنووری پارێزگای کەرکوک لە بەردەم کۆمپانیای (میزۆپۆتامیا) بۆ بەرهەمهێنانی تۆوی کوالێتی بەرز گردبوونەوە و داوایان کرد کە دەبێت وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بڕی ئەو تۆوانەی بەرهەم هێنراون و بەپێی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ کۆمپانیاکە ئەنجامدراون جێبەجێکرێن.
ئەو جوتیارانە وەک خۆیان ئاماژەی بۆ دەکەن کە ڕێککەوتنیان هەیە لەگەڵ کۆمپانیایەکی وەرگرتنی گەنمدا و بڕوانامەیان بۆ کراوە کە بڕی ١٠ هەزار تۆن گەنمیان لێوەربگیرێت، بەڵام تا ئێستا تەنها ٦ هەزار تۆن گەنمیان لێوەرگیراوە.
دەشڵێن" بەرهەمهێنەرانی تۆو لە ئەنجامی پێدانی پارەی پشکنینی کێڵگەکان و کرێی بارکردن و گواستنەوە زیانی ماددییان بەرکەوتووە و سەرەڕای گرێبەستەکەیان لەگەڵ کۆمپانیای میزۆپۆتامیا بۆ وەرگرتنی تۆوەکان، بەڵام کۆمپانیاکە بڕی پێویستی وەرنەگرت، بەهۆی کەمکردنەوەی ئەو بڕە پارەیەی کە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە وەرگیراوە، ئەمەش وادەکات بەرهەمهێنەران لە دۆخێکی سەختدا بمێننەوە بەو پێیەی چەند هەفتەیەکە لە بەردەم کۆمپانیاکەدا وەستاون بەبێ وەڵام".