ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی ئابی ٢٠٢٤ سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ شاندێكی هاوبەشی فراکسیۆنی عەرەبی و توركمانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك کۆبووەوە.
بارەگای بارزانی بڵاویكردەوە" ئەمڕۆ لە سەڵاحەدین، مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی كوتلەی عەرەبی و توركمانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك و ژمارەیەك پارلەمانتار و سەركردەی سیاسی بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر كرد".
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، لە كۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی عێراق، هەروەها دۆخی كەركوك و هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی پرسی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێ و هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك و دیاریكردنی پۆستە ئیدارییەكانی تری كەركوك ئاڵۆگۆڕ كران.
هەر لەو دیدارەدا جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە، كە" پێویستە چارەسەرەكان بە ئاڕاستەی ڕەچاوكردنی مافی سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوك و لە خزمەت پاراستنی سەقامگیری و ئارامی ئەو شارە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان و بوژانەوەی كەركوك بێت ئەویش لە چوارچێوەی تەوافق و كۆدەنگی نیشتیمانی".