زارا ئیسماعیلی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی دانیشتووی کەرەج کە لەم دواییانەدا هەندێک لە ڤیدیۆی گۆرانییەکانی لەسەر شەقامەکان بەبێ ڕەچاوکردنی حیجاب بەشێوەیەکی بەرفراوان بڵاوکرابووەوە، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکرا.
بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، زارا ئیسماعیلی هونەرمەندی گۆرانیبێژی لاوی دانیشتووی کەرەج لە ماڵەکەی خۆیاندا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراوە و دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک لە دەستگیرکردنی تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی نییە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ڕێکخراوی هەنگاوی ڕاگەیاندووە" هەوڵی بنەماڵەی زارا بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی تا ئێستا بەبێ ئەنجام ماوەتەوە".
تائێستا چارەنووس و هۆکاری دەستگیرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ زارا ئیسماعیلی نەزانراوە.
زارا ئیسماعیلی پێش دەستگیرکردنی بە وتنی گۆرانی لەسەر شەقامەکان و شوێنە گشتییەکان، بەبێ ڕەچاوکردنی حیجاب سەرنجی بەشێکی زۆری لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ڕاکێشابوو.