لە گەرمیان ژنێک لەسەر سکاڵای هاووڵاتییەک بە تۆمەتی دزینی زیاتر لە ١٣ ملیۆن دینار دەستگیرکرا و لە ماڵەکەیشیدا دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارە و زێڕدا گیراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند" لەسەر سکاڵای هاولاتییەک لە بنکەی پۆلیسی ناحیەی رزگاری دوو ژنیان بە تۆمەتی دزینی ١٣ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دینار دەستگیرکردوە"
پۆلیس دەشڵێت" دوای سکاڵاکە و لەڕێی کامێرای چاودێرییوە توانیویانە تۆمەتبارەکە دەستنیشان بکەن و لەناو بازاڕی کەلار یەکێک لە تۆمەتبارەکەیان دەستگیر کردوە".
پۆلیس ئەوەشی ئاشکرا کردوە" ئەو ژنەی بە تۆمەتی دزییەکە دەستگیر کراوە، خەڵکی دەرەوەی سنوری ئیدارەی گەرمیانە و لە قەزای کەلار خانویەکیان بەکرێ گرتوە و رۆژانە کاری سواڵکردن دەکەن".
ئەوەشی خستە ڕوو" لە دوای رەزامەندی دادوەر پۆلیس چوەتە ماڵەکەیان و لەوێ دەستی بەسەر بڕی هەشت هەزار و 700 دۆلار و بڕی پێنج ملیۆن دیناری عێراقی و چەند پارچە زێڕێکدا گرتوە".