شارەوانی سلێمانی: هیچ پلانێک لەئارادا نیە بۆ ئەنجامدانی (پڕۆژەی نیشتەجێبوون) لە شاخی گۆیژە

‌یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە ناو دارستنەکانی چیای گۆیژەدا


لەبارەی ئەو هەواڵانەوە بڵاوکراونەتەوە کە ئاماژە بەوە دەکەن بناری گۆیژە بکرێت بە پرۆژەی نیشتەجێبوون، سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند" هیچ پلان و بڕیارێک لەئارادا نیە بۆ ئەنجامدانی (پڕۆژەی نیشتەجێبوون) لە شاخی گۆیژە".

لە روونکردنەوەیەکدا کە شەوی رابردوو ٤ ی ئاب بڵاویانکردۆتەوە، سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی دەڵێن " چەند ڕۆژێکە لەدوای سوتانی بەشێک لە شاخی گۆیژە، هەندێک پەیج و ڕاگەیاندنی نافەرمی باس لە ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرهێنانی نیشتەجێبوون ئەکەن لە سەر ئەو شاخە و دامێنی شاخەکە کە دارستانی فەرمیە و ساڵانە خزمەت ئەکرێت".

لە روونکردنەوەکەدا هاتووشە" لێرەوە ئاگاداری هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین و "ڕایدەگەیەنین کە هیچ پلان و بڕیارێک لەئارادا نیە بۆ ئەنجامدانی (پڕۆژەی نیشتەجێبوون) لە شاخی گۆیژە"، ئەو دەنگۆیانەی کە باسی لێوە دەکرێت هیچ بنەمایەکی ڕاستی و دروستی نیە".

لە گەڵ تێکدان و شێواندنی گۆیژە کە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووەو، هەفتەی رابردووش کە چەند جارێک لە گۆیژە و ئەزمەڕ ئاگرکەوتەوە، ئەو پرسە بووە رای گشتی و چەندان لە چەندان مانگەدا چەندان راگەیاندن و لێدوان  و تار بڵاوکرانەتەوە کوڕو سمینار و چالاکی جەماوەری سازکرراون، کە ئاماژەیان بەوە دەکرد شاخی گۆیژە بە مەبەست سوتێنراوە هەروەک چۆن ئێستا دەشێونێنرێت، تابکرێتە پرۆژەی نیشتەجێبوون وەک ئەوانەی پێشوو، سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی دوێنێ شەو ئەو روونکردنەوەیەی بڵاوکردەوە.




AM:09:18:05/08/2024