پارێزگای هەولێر لە بارەی کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی ئیفراز٣ هاووڵاتیان ئاگاداردەكاتەوە، كە بۆ بەستنەوەی هێڵی نوێی پڕۆژەکە بەیەکترەوە و زیادكردنی ئاو بۆ ٦٠ هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هاووڵاتیان بۆ ماوەی ٣٤ كاتژمێر پڕۆژەكە ڕادەگیرێت و دەڵێت" دەست بە ئاوەوە بگرن".
پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ، کە ئاوی پاک بۆ ٤٠%ی دانیشتووانی شاری هەولێر دابین دەکات، بەهۆی شکانی بۆڕی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز ٣ لە جۆری GRP لە نزیک وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز سێ دوای چاککردنەوەی بۆریەکە هێشتاش نەدەتوانرا پڕۆژەکە بە توانای خۆی کاربکات و دەبوایە پێنج پەمپ کاربکات کە توانای هەر یەکەیان (٢ هەزار مەتر سێجا ئاو) لە کاتژمێرێكدایە، کە دەبوو ١٠ هەزار مەتر ئاو لە کاتژمێرێك بۆ شاری هەولێر بگوازێتەوە، بەناچاری کرابوو بە چوار پەمپ، بەمشێوەیەش ووێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز٣ بە ڕێژەی ٨٠%ی توانای خۆی کاری دەکرد.
ڕاشیگەیاندووە، بۆ چارەسەرکردنی ئەوکێشەیە و لە پێناو زیاتر خزمەتکردنی شاری هەولێر لە گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاتری ئاو بۆ هاووڵاتییان، لە سەر بودجەی پارێزگای هەولێر پڕۆژەی گۆڕینی هێڵی ١٥٠٠ملم جۆری GRP بۆ جۆری کاربۆن ستیل لە هێڵی گوێزەرەوەی ئیفراز ٣ بەکۆتایی هات، بەمەش ٢ هەزار مەتر سێجا ئاو لە کاتژمێرێك زیاددەبێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، هاوتەریب لەگەڵ ئەم پڕۆژەیەدا پڕۆژەی چاککردنەوە و کارپێکردنی وێستگەیەکی تری پڕۆژەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز٣ بە توانای (٥ سەد مەتر سێ جا ئاو) لە کاتژمێرێك دەکەوێتەکار، کە کۆی گشتی لە ڕۆژێکدا (٦٠هەزار مەتر سێ جا ئاو) بۆ شاری هەولێر زیاد دەکات.
ئاشكراشی كردووە، بۆ ئەو مەبەستە ئاگاداری هاووڵاتیانی شاری هەولێر دەکەینەوە، لە ئێستادا بەهۆی کارکردن لە بەستانەوەی هێڵی نوێی پڕۆژەکە بەیەکترەوە، لە ئەمڕۆ ٥ی ئابی ٢٠٢٤ لە کاتژمێر ١٢ نیوەڕۆ بۆ ماوەی ٣٤ کاتژمێر پڕۆژەکە ڕادەوەستێت، بۆیە داواکارین لە هەموو لایەک لەو ماوەیەدا دەست بە ئاو بگرن.
بەشێك لەو گەڕەکانەی کە لە هێلی ئاوی ئیفراز٣ ئاویان پێدەگات کەبەهۆی کارکردن بێ ئاو دەبن:
ـ هەولێری نوێ
ـ فەرمانبەران
ـ ٥ـی حەسارۆکان
ـ مامۆستایان
ـ قەلاتی نوێ
ـ هاوکاری
ـ هەموو گەڕەکەکانی نێوان جادەی شۆرش و جادەی کەرکووک
ـ شێخ ئەحمەد
– گوڵان
ـ هەڤاڵان
ـ باداوە ، ٩٤ـی باداوە
ـ زانکۆ و گەڕەکەکانی ناو شەقامی ٦٠ مەتری.