کۆماری ئیسلامی ئێران هۆشدارییەکی بۆ کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان بڵاوکردەوە، بۆ ئەوەی خۆیان بە دوور بگرن لە فڕین بەسەر ئاسمانی وڵاتەکەدا.
رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئەمریکی لە هەواڵێکیدا بڵاویکردەوە" کۆماری ئیسلامی ئێران فڕۆکەوانان و بەرپرسانی فڕۆکەوانی ئاگادار دەکاتەوە، بۆ ئەوەی خۆیان بە دوور بگرن لە فڕن لە ئاسمانی وڵاتەکەیان".
ئاماژەی بەوەشکردووە، داواکەی ئێران پەیوەندی بە گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان تاران و ئیسرائیل دێت کە ئێران بەردەوام هەڕەشە دەکات لە تۆڵەی کوشتنی ئیسماعیل هەنیە بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس، هێرشبکاتە سەر ئیسرائیل.
ئاگادارکردنەوەکەی ئەمڕۆی کۆماری ئیسلامی ئێران دوای ئەوە هات کە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوێنێ یەکشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی (کۆ حەوتی) ڕاگەیاند" تاران دەتوانێت لە ماوەی ٢٤ بۆ ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا هێرشبکاتە سەر ئیسرائیل".
هەروەها بلینکن داوای لە وەزیرەکانی دیکەی دەرەوە کرد کە فشاری دیپلۆماسی بخەنە سەر ئێران و حزبوڵای لوبنان و ئیسرائیل بۆ ئەوەی دورکەونەوە لە شەڕی ناوچەیی.
دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، لە ئێستادا چەند کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی گەشتەکانیان بۆ ئێران، لوبنان و ئیسرائیل راگرتووە.