(سپی) زانیاری نوێ لەسەر دەستگیرکردنی کەسێک بەتۆمەتی سووتانی دارستانەکانی گۆیژە بڵاودەکاتەوە
لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا چەند جارێک لە دارستانەکانی چیای گۆیژە ئاگر کەوتەوە و نزیکەی زیاتر لە (٥٠) هەزار داری گەورە و نەمام سووتان، لە ئێستاشدا هاوڵاتییەک بە تۆمەتی ڕووداوەکە دەستگیرکراوە.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، لە لایەن هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانییەوە، لەسەر سووتاندنی دارستانەکانی چیای گۆیژە تۆمەتبارێک دەستگیرکراوە.
ماڵپەڕی (سپی) زانیویەتی، ئەو کەسەی دەستگیرکراوە لەسەر سووتانی یەکەمین ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی چیای گۆیژە نەبووە، بەڵکو لەسەر ڕووداوی دووەم ئاگرکەوتنەوەی چیای گۆیژە دەستگیرکراوە و تائێستاش لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
کاتژمێڕ (٣:٠٠)ی بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٩ی مانگی ڕابردوو ئاگرێکی گەورە لە چیای گۆیژە کەوتەوە کە بەهۆی رەشەبایەکی بەهێزەوە زۆر زوو ئاگرەکە لە سنوورەکە بڵاوبووەوە و بووە هۆی سووتانی ڕووبەڕێکی فراوانی چیاکە.
PM:10:44:05/08/2024