ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی عێراق رایدەگەیەنێت" مووچه‌ی په‌رله‌مانتارانی عێراق له‌م مانگه‌وه كه‌مكراوه‌ته‌وه".
كاروان یاروه‌یس ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له فراكسیۆنی یه‌كێتی، بە ماڵپەری فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاندووە" په‌رله‌مانتاری عیراق مووچه‌كانیان كه‌مكراوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه دێت كه داواكرابوو كه پله باڵاكان له حكومه‌ت مووچه‌كانیان كه‌مبكرێته‌وه، له به‌رامبه‌ریشدا بۆچوونێك هه‌یه كه په‌رله‌مانتار پله باڵا نییه ته‌نها بۆ چوار ساڵ له‌و پله‌یه‌دا ده‌مێنێته‌وه، بۆیه پێویست ناكات ئه‌و بڕیاره په‌رله‌مانتاران بگرێته‌وه".
ئاماژەی بەوەشکرد، به‌پێی بڕیاره‌كه ساڵی خزمه‌ت و بڕوانامه و هاوسەر‌گیری و بوونی منداڵ كراوه‌ته پێوه‌ر بۆ مووچه، به‌ڵام له رابردوودا په‌رله‌مانتاران مووچه‌یه‌كی جێگیریان هه‌بوو كه ٨ ملیۆن و ٢٠٠ هه‌زار دینار بووه.
ئەوەشی خستەڕوو، به‌پێی ئه‌م بڕیاره نوێیە به‌شێكی زۆری په‌رله‌مانتاران مووچه‌كانیان كه‌می كردوه.
"له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێویستبوو كار و چالاكی و هه‌وڵی په‌رله‌مانتاران بكرێته پێوه‌ر نه‌ك بڕوانامه، به‌ڵام به‌پێی ئه‌م بڕیاره هه‌موو په‌رله‌مانتارێك ٤ ملیۆن دیناری جێگیری هه‌یه و پاشان ده‌رماڵه‌كانی دیكه وه‌رده‌گرێت، له‌م چوارشێوه‌یه‌شدا مووچه‌ی په‌رله‌مانتاران وه‌ك یه‌ك نابێت و ته‌نها ئه‌و كه‌سانه‌ی بڕوانامه‌ی دكتۆرایان هه‌یه مووچه‌كانیان زیادیكردوه". (کاروان یاروەیس وادەڵێت)
به‌پێی بڕیاره‌كه، مووچه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی بڕوانامه‌ی ئاماده‌ییان هه‌یه ٢ ملیۆن و ٨٠٠ هه‌زار دینار كه‌میكردووه، هه‌روه‌ها ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی بڕوانامه‌ی دیپلۆمیان هه‌یه زیاتر له ٢ ملیۆن دینار كه‌میكردووه، هاوكات مووچه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌شی كه بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسیان هه‌یه ١ ملیۆن و ٤٥٠ هه‌زار دینار كه‌میكردووه، به‌ڵام مووچه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی بڕوانامه‌ی ماسته‌ریان هه‌یه وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه و ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌شی بڕوانامه‌ی دكتۆرایان هه‌یه مووچه‌كانیان زیادیكردووه.