کۆمیسیۆن ٤ کاندیدی لە هەڵبژاردنی پەرلەمان دوورخستەوە

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان چوار كاندیدی پەرلەمانی كوردستانی بە بیانووی پێشێڵکردنی رێنماییەکان، دوورخستەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە ٦ی ئاب لە راگەیەندراوێكدا كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق چوار كاندیدی پەرلەمانی کوردستانی بەناوەکانی، هێلین ئەكرەم،  هێمن عومەر ، سامان مەحمود ، دیاری هیدایەتی بە بیانووی پێشلكردنی رێنماییەكان دوور خستەوە.

هێلین ئەکرەم كاندیدی تاكەكەسیەو كەس لە شوێنی دانانرێت، بەڵام سێ كاندیدەكەی تر بە بڕیاری ئەنجوومەنەکە هەر یەک لە (هێمن عومەر محەممەد دەروێش، سامان مەحموود ئەحمەد ساڵح) بەهۆی سەرپێچی لە بەشی سێیەمی بڕگەی ١٥  لە ڕێنماییەکانی تۆمار و پەسەندکردنی کاندیدەکان دوور خراونەتەوە لەگەڵ (دیاری هیدایەت بەشارە ئەمین) بەهۆی سەرپێچی لە بەشی سێیەم، بڕگەی یەک لە ڕێنماییەکانی تۆمار و پەسەندکردنی کاندیدەکان دوورخراوەتەوە کە هەرسێکیان کاندیدی نەوەی نوێن لە بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگای سلێمانی.

ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەشیداوە، کە بە نووسراوی فەرمی لایەنی سیاسیی سێ کاندیدە دوورخراوەکەیان ئاگادارکردووەتەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی سێ رۆژ لە دوای ئاگادارکردنەوەیان ناوی کاندیدانی جێگرەوە پێشکەش بکەن.

بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ سلێمانی ٣٨ کورسی، هەولێر ٣٤ کورسی، دهۆک ٢٥ و هەڵەبجە سێ کورسی دیاری کراوە ، لەهەریەک لە هەولێر و سلێمانی دوو  کورسی بۆ کۆتای کریستیان و تورکمان داندراوە ، لە دهۆک کورسیەک بۆ کۆتای ئەرمەن تەرخان کراوە.

٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤  لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە وەک رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاری کراوە.






PM:02:55:06/08/2024