هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی بڕیارەکانی دەزگای دادوەری عێراق بۆ قەدەغەکردنی بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکانی کوردستان بە سیاسی دەزانێت و دەشڵێت دەستی دەرەکی و خەیانەتکارانەی تێدایە.
تارا حسێن هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی كوردستان لە میانی کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند" بریاری قەدەغەکردنی حیزبەکەیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی کوردستان دەستی دەرەکی و خەیانەتکاری لە نێودایە".
وتیشی"ئێمە هێزێکی مەدەنی و دیموکراتین و حکومەتی عێراق خەریکە داواکارییەکەی ئەردۆغان جێبەجێی دەکات کە لە سەردانەکەی بۆ عێراق داوای کرد ئەو حیزبانەی لە پە*ک*ك نزیکن قەدەغە بکرێن یان دابخرێن"، ئاماژەی بەوەشکرد" لە ئێستادا دەزگای دادوەری عێراق بووەتە جێبەجێکاری بڕیارەکانی ئەردۆغان".
دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان لە ئەنجومەنی دادوەری عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی هەریەك لە (تەڤگەری ئازادی كوردستان، حزبی ئازادی دیموكراتی ئێزدی، حزبی بەرەی تێكۆشانی دیموكراتی) هاوکات لە بڕیارەکەیدا هاتووە کە پێویستە بارەگاكانیان دابخرێت و دەستبەسەر كەلوپەل و داراییاندا بگیردرێت، ئەم سێ حزبە نزیكن لە پارتی* كرێكارانی* كوردستانەوە.