پێنج کەس لە تورکیا لەسەر هەڵپەڕکێ و گۆرانی کوردی دەستگیرکران

لە شارێکی تورکنشینی تورکیا، بەهۆی هەڵپەڕكێوە  و بە تۆمەتی بانگەشە بۆ پارتی* کرێکارانی* کوردستان، پێنج کەس دەستگیرکران.

لە شاری عوسمانییە لە باشووری تورکیا، پێنج کەس دەستگیرکران کە لە ئاهەنگێکی بوک گواستنەوەدا بەدەم گۆرانی کوردییەوە، هەڵپەڕکێیان کردووە و زۆربەیان ئەندامی یەک خێزانن.

پاش دەستگیرکردن و وەرگرتنی وتە لێیان، بە بیانووی بەکارهێنانی پارچە پەڕۆیەکی سەوز و زەرد و سور، کە بە بانگەشە بۆ "تیرۆر" ناوی براوە، دادوەر بڕیاری دەستبەسەرکردنی بەسەر یەکێک لە دەستگیرکراوەکاندا سەپاند و لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیرکراوەکانی دیکەشدا بەردەوامە.

لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، لە ئیستانبوڵ و شارەکانی باکووری کوردستان، دەیان کەس کە بەدەم گۆرانیی کوردییەوە هەڵپەڕکێیان کردبوو، بە تۆمەتی بانگەشە بۆ پەکەکە دەستگیرکران و ژمارەیەکیشیان دەستبەسەرکران.




PM:11:15:06/08/2024