لە بەندیخانەی بەشی ژنانی زیندانی ئەوین لە تاران ناڕەزایەتی دروستبوو

دوای لە سێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی کە بە کوشتنی بەرپرسی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سەحنە تۆمەتبار کرابوو، لە بەندیخانەی بەشی ژنانی زیندانی ئەوین لە تاران ناڕەزایەتی دروستبوو. 

بەپێی هەواڵێکی ڕادیۆ فەردا، دژی بڕیاری لە سێدارەدانی ره‌زا ره‌سایی خۆپیشاندان لە بەندینخانەی ئەوین لە تاران ئەنجامدرا و شه‌وی رابردووش هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سه‌ر بەندینخانەکە و سه‌رجه‌م ته‌له‌فۆن و پەیوەندییەکانیان له‌سه‌ر زیندانیکراوەکان پچڕاند.

ئەوەشی خستەڕوو، دوای ناڕەزایەتی زیندانیانی ژنان لە زیندانی ئەوین لە دژی لە سێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی و هێرشی پاسەوانانی ئەمنی بۆ سەر زیندانی ژنان، ژمارەیەک لە زیندانیانی سیاسی بریندار بوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی پچڕانی پەیوەندی تەلەفۆنی، هیچ هەواڵێک لەبارەی بارودۆخی زیندانیان نییە. 

ژنانی زیندانیکراوی سیاسی لە زیندانی ئەوینی تاران لە چەند مانگی ڕابردوودا هەڵمەتێکیان لە دژی سزای سێدارە لە ئێران بە ناوی ڕۆژانی (سێشەممان بڕیاری لە سێدارەدان نەدێت) دەستپێکردووە.

بەرەبەیانی دوێنێ ڕەزا ڕەسایی بەندکراوی سیاسی کوردی تەمەن (٣٤) ساڵ کە خەڵکی شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەشێوەیەکی بەنهێنی و بێ ئاگاداربوونی بنەماڵەکەی، بە تۆمەتی کوشتنی نادر بەیرامی سەرۆکی سوپای پاسدارانی شاری سەحنە لە بەندیخانەی ناوەندی کرماشان لە سێدارەدرا.



AM:10:42:07/08/2024