بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە ژنان کەسێک دەستگیرکرا

پۆلیسی سلێمانی دەسگیرکردنی کەسێکی ڕاگەیاند كە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەتی لە چەند ژنێک كردبوو.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ی ئابی ٢٠٢٤ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" دوای ئەوەی لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ناوبازاڕەوە چاودێری خرایە سەر كەسێك بە گومانی ئەوەی كە لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەت لە ژنان دەكات، پاش لێكۆڵینەوەكان و تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لەلایەن یەکێک لە ژنەکانەوە كە لە بەرامبەر پێدانی بڕێك پارە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەتی لێكردووە، توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیربكرێت، هەروەها دەستیشگیرا بەسەر موبایلی تایبەتی تۆمەتباردا". 

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا تۆمەتبار (م، ع، س) لە دایكبووی ١٩٧٤ بە بڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی ٢ لە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیکردن ڕاگیراوە و دانی ناوە بەوەدا کە لە ژێر ناوی ئەنجامدانی هاوسەرگیری پەیوەندی لەگەڵ چەند ژنێک دروستكردووە و هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەتی لێكردون، ئەگەر پارە و ئاڵتونی نەدەنێ‌.



AM:11:35:07/08/2024