هەفتەیەکی مانگی ئاب تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی ناوەندیی مووچەی مانگی تەممووزی هەرێمی نەناردووە و پەرلەمانتارێكی کوردیش دەڵێت "لیستی ناشەفاف و نەبوونی (تەوتین) بۆ مووچەخۆرانی هەرێم، ناردنی مووچەی ڕاگرتووە”.
غەریب ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە میدیای فەرمی حزبەکەی راگەیاندووە " بە هیچ شێوەیەک نەناردنی مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێم پەیوەندی بە نەبوونی پارەی نەختینەوە لە عێراق نییە، بەڵکو دواکەوتنی ناردنی مووچە پەیوەندی بەو داواکاریانەوە هەیە کە دادگای فیدراڵی و وەزارەتی دارایی عێراق ئاڕاستەی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمیان کردووە و جێبەجێ نەکراوە".
غەریب ئەحمەد لەبارەی دواکەوتنی ناردنی مووچە لەلایەن حکومەتی بەغداوە وتی " نەناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە پەیوەندی بە ئەو لیستەوە هەیە کە حکومەتی هەرێم بۆ دارایی عێراقی ناردووە و پڕە لە ناوی دووبارە و هێزی بندیوار و جێبەجێنەکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی دروستکردنی (تەوتین) بۆ مووچەخۆرانی هەرێم لە یەکێک لە بانکە حکومییەکانی عێراق".
باس لەوەش دەکات، ناردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێم بە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، بەڵام بۆ ئەم مانگە سەرۆک وەزیران تائێستا ئامادەنییە ئەو بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆ بگرێت و مووچە بۆ هەرێم بنیرێت".