ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی رەزامەندیدا لەسەر هەمواركردنەوە و فراوانكردنی ماستەرپلانی شارەوانیی سلێمانی و دەشڵێت'' ئەو هەنگاوە بۆ ئێستای شار و دانیشتووانی سلێمانی زۆر گرنگە بەو پێیەی كە پێویستە خزمەتگوزاریی بە هەموو سێكتەرەكانییەوە لە سنووری ماستەرپلانی شارەوانیی سلێمانی زیاتربكرێت و دابینكردنی زەویی پێویست كە بڕیارە زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشیناندا دابەشبكرێت''.
ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی سازدا و چەند بابەتێكی گرنگی پەیوەست بە هاووڵاتییان و فەرمانبەران تاوتوێكرد.
سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە'' کە لە كۆبوونەوەكەدا رەزامەندی درا لەسەر هەمواركردنەوە و فراوانكردنی ماستەرپلانی شارەوانیی سلێمانی كە بۆ ئێستای شار و دانیشتووانی سلێمانی زۆر گرنگە،بەو پێیەی كە پێویستە خزمەتگوزاریی بە هەموو سێكتەرەكانییەوە لە سنووری ماستەرپلانی شارەوانیی سلێمانی زیاتربكرێت، لەبەر ئەوەی رێژەی دانیشتووان بەردەوام لە زیادبووندایە و هەروەها پڕكردنەوەی كەمیی خزمەتگوزاریی و زەویی پێویست كە بڕیارە زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشیناندا دابەشبكرێت''.
دەشڵێت'' ئەنجومەنی شارەوانی بڕیاریدا بە بانگهێشتكردنی لیژنەی خزمەتگوزاریی تایبەت بە پڕۆژە نیشتەجێبووەكان (سیتییەكان) لە فەرمانگە پەیوەندیدارەكان بۆ روونكردنەوەی پێویست لەسەر كۆی خزمەتگوزاریی، سكیوریتی، سەوزایی، كرێی مانگانە و هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی كە زۆربەی دانیشتووانی ناو (سیتییەكان) گلەیی و گازندەیان بەردەوام دەگەیەننە سەرۆكایەتی شارەوانیی سلێمانی و ئەنجومەنی شارەوانیی لە هەمانكاتدا چارەسەركردنی ئاستەنگیی بەردەم تۆماركردنی یەكەكان لەسەر دانیشتووانەكەی''.