نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد دەڵێت" بابەتی مووچە هیچ کێشەیەکی نەماوە و پرۆسەی وردبینیی کاتی دەوێت رەنگە هەندێک تێبینی مابێت، ئەوەش چارەسەر دەبێت و لە ماوەیەکی نزیکدا بەغداد پارەی مووچە دەنێرێت".
فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" بابەتی مووچە هیچ کێشەیەکی نەماوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو داتا و زانیارییەکانی داوە بە وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەماهەنگی لەنێوان هەردولادا هەی".
وتیشی" پرۆسەی وردبینیی کاتی دەوێت رەنگە هەندێک تێبینی مابێت، ئەوەش چارەسەر دەبێت و لە ماوەیەکی نزیکدا بەغداد پارەی مووچە دەنێرێت".
هەر ئەمڕۆ غەریب ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە میدیای فەرمی حزبەکەی راگەیاندووە " بە هیچ شێوەیەک نەناردنی مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێم پەیوەندی بە نەبوونی پارەی نەختینەوە لە عێراق نییە، بەڵکو دواکەوتنی ناردنی مووچە پەیوەندی بەو داواکاریانەوە هەیە کە دادگای فیدراڵی و وەزارەتی دارایی عێراق ئاڕاستەی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمیان کردووە و جێبەجێ نەکراوە".
رۆژی ٢١ی تەمووزی ٢٠٢٤، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لیستی مووچەی مانگی تەمووزی سەرجەم فەرمانبەران، مووچەخۆران و دەزگا ئەمنی و سەربازیەکان لەلایەن تیمی هونەری وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستانەوە رادەستی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری لەوەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.