ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت" هۆکاری دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەبوونی پارەی کاشە و هۆکارەکەی تریشی کوردستان پەیوەندی بە لیستی مووچە و داتا و زانیاری و وردبینیەکان هەیە".
بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" یەکێک لەو بابەتانەی کە ئێستا عێراق بەدەستییەوە دەناڵێنێت نەبونی پارەی کاشە و ئەوەش هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، چونکە ئەو پارەیەیەی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت پارەی نەقدییە، و بەم هۆیەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دواکەوتووە".
بڕیار رەشید جەختی لەوەشکردەوە کە بەهۆی نەبونی پارەی کاشەوە دابەشکردنی مووچەی بەشێک لە وەزارەتەکانی عێراقیش دواکەوتووە.
ئەو ئەندام پەرلەمانەی عێراق وتیشی" هۆکارێکی دیکەی دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە لیستی مووچە و داتا و زانیاری و وردبینیەکان هەیە، بەڵام ئەو گرفتانە بەرەوچارەسەر دەڕوات و پێشبینی دەکریت لە ئایندەیەکی نزیکدا مووچەی مووچەخۆران رەوانە بکرێت".
دوێنێ چوارشەممە، فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" بابەتی مووچە هیچ کێشەیەکی نەماوە, حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو داتا و زانیارییەکانی داوە بە وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەماهەنگی لەنێوان هەردولادا هەیە".
وتیشی" پرۆسەی وردبینیی کاتی دەوێت, رەنگە هەندێک تێبینی مابێت, ئەوەش چارەسەر دەبێت و لە ماوەیەکی نزیکدا بەغداد پارەی مووچە دەنێرێت".