سزای سێدارەی لانیکەم ٢٠ بەندکراو کە ١٣ بەندکراویان کوردن، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کران.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە" دوێنێ چوارشەممە ١٧ی ئابی ٢٠٢٤ سزای سێدارەی لانیکەم ٢٠ بەندکراو کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان، کوشتنی بە ئەنقەست و دەستدرێژی سێکسی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێکران".
ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا ناسنامەی ١١ کەس لەو بەندکراوانە بە ناوەکانی شەهاب مەلەکی خەڵکی هەرسین، مێهرداد قەنبەربەیگی، محەممەد نەزەری و ئیسماعیل شەرەفی خەڵکی کرماشان، شەهریار فرووتەن تەمەن ٣٨ ساڵ خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران، فروود گەڕاوەند تەمەن ٥٠ ساڵ و محەممەد غوڵامی هەردووکیان خەڵکی کۆیەشت، عەبدوڵڵا شەهنەوازی تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی زاهدان و خەلیل نەهتانی تەمەن ٣٥ ساڵ خەڵکی زاهدان و دانیشتووی تاران کراوە کە لە نێوان ئەو ١١ کەسەدا شەهریار فرووتەن و ئومێد فەرهیختە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و ئەو ٩ بەندکراوەی دیکە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هەروەها چوار بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان لە سێدارە دراون کە سێ کەسیان بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی و یەک کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەرکرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.