مامۆستا جەعفەر ئەندامی مەکتەبی سیاسی سەردەمی شاخی یەکێتی دەڵێت" ئایا یەكێتی : ( كۆمپانیا )یە و موڵكی تاقە بنەماڵەیەكە یان بەری خوێن و فرمێسكی شەهیدانە ؟".
لە وتارێکدا کە ئەمشەو ٤ ی ئاب بڵاویکردۆتەوە، مامۆستا جەعفەر پێشمەرگەی سەردەمی شاخی جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا لە نووسینێکدا دەڵێت" ئەوانەی ئەمڕۆ خۆیان بە سەركردەی یەكێتی دادەنێن ، یەكێتیان گەیاندۆتە بنبەست ، لووتكەی گۆشەگیری و زۆربەی هێزە سیاسیەكانی هەرێم ، عێراق و ناوچەكە روویان بەولادا هەڵگێڕاوەتەوە و سركە دەبارێنن" .
دەقی نووسینکە
ئایا یەكێتی : ( كۆمپانیا )یە و موڵكی تاقە بنەماڵەیەكە یان بەری خوێن و فرمێسكی شەهیدانە ؟
رەوانشاد مام جەلال لە زۆربەی كۆڕ و كۆبوونەوەكان دا دەیگوت : یەكێتی نەبێت من چیم ؟ من بە یەكێتیەوە مام جەلالم ! هەموو كەسێك ئەو راستیە دەزانێت ; مام جەلال ، مام جەلال بوو .
كاك نەوشیروان پێش جیابوونەوەی لە یەكێتی ، بە راشكاوانە دەیگوت : من لەم یەكێتیە دا بەشم هەیە ...
پاژێكی كەم لە ”بەناو” سەركردەكانی یەكێتی وەهمێك بڵاو دەكەنەوە گوایە :” یەكێتی و سەرجەم خاكی كوردستان موڵكی بنەماڵەی مام جەلالە . كەس بۆی نییە سادەترین پرسیار بكات ، یان داوای مافی خۆی لەم بەناو سەركرایەتیە بكات ..!”
من لە ساڵی 1978 لە نزیكەوە لەگەڵ مام جەلال كارم كردووە ، قەت باسی بنەماڵە و تیرە و تایەفەی نەكردووە . رەوانشاد مام جەلال ئەو راستیەی چاك دەزانی ; ئەوەی یەكێتیی جێگیر كرد و پاشان شۆڕشی هەڵگیرساند : كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان ( كۆمیتەی هەرێمەكان ) و ( بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان ) كە شەهید عەلی عەسكەری پێشەوایان بوو . سەركردایەتی ناو وڵات نەبوایە ، دەستەی دامەزرێنەر ، زۆر بە زەحمەت دەیتوانی لە شامەوە ، شۆڕش لە شاخەكانی كوردستان هەڵگیرسێنێت ( كارەساتی گەڕانەوەی شەهید برایم عەزۆ و هاوڕێكانی بە نمونە و.... ) .
یەكێتی كۆمپانیایەك نییە ، كەسێك بە پارەی گیرفانی خۆی دروستی كردبێت ! یەكێتی نیمچە بەرە بووە : بەری رەنجی شانی هەموو ئەندام و دۆستەكانیەتی ، نەك تاقە بنەماڵەیەك یان هۆزێك بێت.
گریمان ئەم یەكێتییە حزب نییە و كۆمپانیایە ! كۆمپانیای مۆدێرنیش ، بە هیمەت و دڵسۆزی و پەرۆشیی كارمەند و كرێكارەكانی بەڕێوە دەچێت . پارە و بینا و جامخانە و سكرتێرە ، دەشێت كۆمپانیایان پێ دروست بكرێت ، بەڵام ئەم جۆرە كۆمپانیایە زوو هاڕە دەكات . بەتایبەتی ئەگەر كۆمپانیا لە باوكەوە بۆ كوڕێكی بەجێ مابێت .
كەواتە : ئەگەر باس باسی پشك پشكێنە و بەش و بەشبەشێنە بێت ، ئەوە كەس و كاری شەهیدان و كەمئەندامانی سەنگەر و تێكۆشەرە دێرینەكان لە پێشی پێشەوەن . ئەوان خاوەنی راستەقینەی یەكێتین . هەموویان مافیان هەیە و دەبێ بە ئەوپەڕی سەربەرزیەوە بژین . تێكۆشەرە دێرینەكان ، كەمئەندامانی سەنگەر خاوەنی راستەقینەی یەكێتین !
ئەوانەی ئەمڕۆ خۆیان بە سەركردەی یەكێتی دادەنێن ، یەكێتیان گەیاندۆتە بنبەست ، لووتكەی گۆشەگیری و زۆربەی هێزە سیاسیەكانی هەرێم ، عێراق و ناوچەكە روویان بەولادا هەڵگێڕاوەتەوە و سركە دەبارێنن .
ئیتر كاتی ئەوە هاتووە یەكێتی بگێڕدرێتەوە سەر راستەڕێی خەباتی سیاسی و خزمەتكردنی گەلە ستەمدیدەكەمان . هەر لایەنێك بیەوێت بە پێچەوانەی رەوتی مێژوو
هەڵبەزێت ، چارەنووسێكی باش چاوەڕوانی ناكات !
مامۆستا جەعفەر
ئەندامی یەكێتی نووسەرانی جیهان