وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت"کەمپی ئاوارەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئارامە و بە هیچ شێوەیەک ڕێگا نادرێت سیمای پێکەوەژیان و یەکترقەبوڵکردن و لێبوردەیی ئەو شوێنانە بشێوێندرێت".
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێوارێی ئەمڕۆ هەینی ٩ی ئابی ٢٠٢٤ سەبارەت بە دۆخی مرۆیی لە کەمپی ئاوارەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ روونکردنەوە دەدات.
وەزارەتی ناوخۆ لەوبارەیەوە دەڵێت"دوای بڵاوبوونەوەی هەندێ دەنگۆ و هەواڵی نادروست لە چەند دەزگایەکی راگەیاندن سەبارەت بە بوونی حاڵەتی گەڕانەوەی ئاوارەکان لە کەمپێک لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گوایە بەهۆی هەبوونی ترس کەمپەکە جێ دێڵن و دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان لە شەنگال، ئێمە سەرجەم ئەو هەواڵە نادروست و دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە کە دژ بە بنەماکانی ڕاست و دروستی گواستنەوەی زانیارییە لە کاری رۆژنامەوانی".
لە راگەیەندراوەکەدا وەزارەتی ناوخۆ سەرجەم دانیشتوانی کەمپەکان دڵنیا دەکاتەوە و دەڵێت" هەرێمی کوردستان هەمیشە وەکو لانکەی پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن دەمێنێتەوە و ئامێزی گەورەی بۆ ئاوارەکان بە کراوەیی دێڵێتەوە تا ئەو کاتەی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان".
راشیگەیاندووە"کەمپەکان شوێنی خەڵکی سڤیل و لێقەوماون و بە باشی پارێزراون، بە هیچ شێوەیەک ڕێگا نادرێت سیمای پێکەوەژیان و یەکترقەبوڵکردن و لێبوردەیی ئەو شوێنانە بشێوێندرێت".