سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی قسەکانی قاسم شەشۆ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەسەر قسەکانی قاسم شەشۆ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند"هه‌ڵه‌ی كه‌سێك له‌ هه‌ر ئایینێك بێت، نابێ به‌ هه‌ڵه‌ی هه‌موو په‌یره‌وانی ئایینه‌كه له‌ قه‌ڵه‌م بدرێت، بۆیه‌ ده‌بێ هەموو لایەك پابەندی كولتووری یەكترقبووڵكردن و لێبوردەیی و پێكەوەژیان بن".

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەمشەو هەینی ٩ی ئابی ٢٠٢٤ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە"ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو كاردانه‌وه‌یه‌كی فراوان به‌تایبه‌تی له‌ تۆڕەکۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا به‌رامبه‌ر به‌ لێدوانێکی نادروستی كه‌سایه‌تییه‌كی ئێزدی هاته‌ ئاراوه‌. لێره‌دا جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هیچ جۆرە پێشێلكاری و بێڕێزییه‌ك به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ر بیر و بڕوا و ئایینێك، قبووڵكراو نییە و سەركۆنەی دەكەین".

دەشڵێت"لە هەمانكاتدا هه‌ڵه‌ی كه‌سێك له‌ هه‌ر ئایینێك بێت، نابێ به‌ هه‌ڵه‌ی هه‌موو په‌یره‌وانی ئایینه‌كه له‌ قه‌ڵه‌م بدرێت، بۆیه‌ ده‌بێ هەموو لایەك پابەندی كولتووری یەكترقبووڵكردن و لێبوردەیی و پێكەوەژیان بن و ڕێگە لە دروستبوونی گوتاری ڕق و كینە و نكۆڵیكردن بگیرێت".

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە"لایەنە پەیوەندیدارەكان بەرپرسن لە بەدواداچوون و لێپرسینەوەی یاسایی، هەموو لایەكیش دڵنیا دەكەینه‌وه‌ كە هەرێمی كوردستان بۆ هەمیشە وەك نموونەی پێكەوەژیانی ئاشتیانە و برایەتی دەمێنێتەوە. هیچ پاساوێك بۆ نانەوەی ئاڵۆزی و پشێوی و دروستكردنی هەڕەشە بۆ سەر هاووڵاتیان و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەیییەكانی كوردستان قبووڵ ناكرێت"

پێنجشەممە، ٨ـی ئابی ٢٠٢٤ دادگەی لێکۆڵینەوەی پارێزگای نەینەوا، بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە محەممەد (د.خ.)، پەیامبەری ئیسلام و هاندان بۆ شەڕی نێوان ئایینەکان " فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ قاسم شەشۆ، فەرماندەیەکی سەربازیی ئێزدی، دەرکرد.




AM:12:04:10/08/2024