دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران هاونیشتمانیان ئاگادار دەکاتەوە، تا دوو هەفتەی دیکە هاتووچۆ بە ئۆتۆمبێلی کەسی و پاسی گەشتیاری بۆ ئێران و لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان ڕادەگیرێت.
بەشی ڕاگەیاندنی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران ئەمڕۆ شەممە ١٠ی ئاب ڕایگەیاند" گەشتیاران ئاگادار دەکەینەوە، ئەوانەی لە هەرێمی کوردستانەوە بە پاسی گەشتیاری و ئۆتۆمبێلی کەسی دەیانەوێت بچن بۆ ئێران و، ئەوانەشی لە ئێرانەوە دەیانەوێت بێنە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی 15 ڕۆژ هاتوچۆ ڕادەگیرێت".
راشیگەیاندوە" هاتووچۆ بەبێ ئۆتۆمبێل و بە پیادە لە دەروازەکە 24 کاتژمێر کراوەیە و ڕاناگیرێت".
ماوەی سێ ساڵە هەرێمی کوردستان بەفەرمی ئامادەکاری دەکات بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی ئێرانی و بەو هۆیەوە ڕێکاری نوێ دەگیرێنەبەر و هۆکاری ڕاگرتنی گەشتەکانیش بۆ هاتنی ژمارەیەکی زۆری زیارەتکاران دەگەڕێتەوە.
بڕیارە لە ١١ی ئابەوە هاتنی زیارەتکاران لە ئێرانەوە دەستپێبکات و تا ٢٥ی ئاب کە ڕۆژی چلەی ئیمام حسێنە بەردەوام بێت.