بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکاری دواکەوتنی مووچەی مانگی ٧ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و نەناردنی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئاشكرا دەكات و دەڵێت" هۆکارەکەی بۆ لیستی مووچەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان دەگەڕێتەوە".
دەنگی ئەمریکا ئەمڕۆ ١٠ی ئابی ٢٠٢٤ لە زاری بەرپرسێکی باڵای عێراق کە نەیویستوە ناوی ئاشکرا بکرێت ڕاگەیاند"لیستی مووچەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان مانگانە درەنگ ئامادە دەکرێت، ئەمە جگە لەوەی گۆڕانکاری لە لیستەکاندا دەکرێت و ژمارەی هێزەکان زیاد و کەم دەکرێت."
بەرپرسە باڵاکەی حکومەتی هەرێم وتیشی" جارێک مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا داوایکرد، هەموو مانگێک تا ١٠ ی مانگ لیستی مووچە ئامادە بکرێت و ڕەوانەی بەغدا بکرێت، چاوەڕێی هیچ فەرمانگەیەک نەکرێت گەر لیستەکەی ئامادە نەبوو، کەچی لیستەکان هەر درەنگ ئامادە دەکرێن".
لەکاتێکدا ١٠ ڕۆژ بەسەر مانگی ٨ی ساڵی ٢٠٢٤ دا تێپەڕ دەبێت، بەڵام هێشتا حکومەتی عێراق مووچەی مانگی تەمموز (٧)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی نەناردوە و هێشتا دیار نییە کەی پارەی مووچە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات.