بەرەی تورکمانی: هەر دانیشتنێک یان ڕێککەوتنێک بەبێ كوتله‌ی یەکگرتوی بەرەی تورکمانی عێراق قبوڵکراو نییە

بڕیارە ئەم ئێوارەیە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە بەغدا بەڕێوەدەچێت و بەرەی تورکمانی ڕایدەگەیەنێت" هەر ڕێککەوتنێک بەبێ بەرەی تورکمانی عێراق قبوڵکراو نییە" و، هاوکات ڕاکان جبوری ڕەتیدەکاتەوە هیچ دانیشتنێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌ به‌ڕێوه‌بچێت.

به‌ره‌ی توركمانی لە کەرکوک شەممە ١٠ی ئاب لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکەن"هەر دانیشتنێک یان ڕێککەوتنێک بەبێ كوتله‌ی یەکگرتوی بەرەی تورکمانی عێراق قبوڵکراو نییە".

ئەوەشیان خستە ڕوو"  ئێمه‌ پەنا بۆ هەمو ڕێگەیەکی یاسایی و دەستوری دەبەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەرئەنجامەکانی ئەم كۆبونه‌وه‌یه‌ ئەگەر بەڕێوەبچێت".

پێشتریش، راكان جبوری سه‌رۆكی یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، له‌ ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا ره‌تیكرده‌وه‌، هیچ دانیشتنێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌ به‌ڕێوه‌بچێت و راشیگه‌یاند"بانگهێشتی هیچ لایەنێکمان بۆ کۆبوونەوە لەنێو کەرکووک یان هیچ شوێنێکی دیکە نەکردووە و ئەو هەواڵەی لە دەزگاکانی راگەیاندنەوە بڵاوکراوەتەوە، ناڕاستە".

بڕیارە ئەم کۆبوونەوەیەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەسەر داوای سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی لە بەغدا بەرێوەبچێت و کوتلەی یەکێتی و گرووپێک لە لایەنی عەرەبی و هەڵبژێردراوە مەسیحیەکە بەشدار دەبن.




PM:08:27:10/08/2024