هێرش کرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان

بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و لە ئەنجامدا چەند سەرباز برینداربوون.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ١١ی  ئابی ٢٠٢٤، بەرپرسێکی ئەمەریکی بە ئاژانسی ( رۆیتەرز) ـی  ڕایگەیاند" ژمارەیەک لە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان، لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە سووریا( رۆژئاوای کوردستان) بریندار بوو".

ئەو بەرپرسە راشیگەیاندووە" برینی سەربازەکان سەخت نین، بەڵام هەندێکیان گوازراونەتەوە بۆ شوێنیکی جیا بۆ هەڵسەنگاندنی زیاتر".

ئەوە دووەم هێرشی گەورە بووە، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دژی هێزەکانی ئەمەریکا، ئەوەش له کاتێکدایه که گرژییه کانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست زۆرتر بووە.

تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارییەتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.

ڕۆژی شەممە ١٠ی ئابی ، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، بە درۆن هێرش کرایە سەر بنکەیەکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە سەربازانی ئەمەریکی تێدایە.

لە کاتێکدا دووشەممەی ڕابردوو دوو مووشەکی کاتیۆشا ئاراستەی بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق ٧ سەربازی ئەمەریکی بریندار بوون.

ئەمەریکا ٩٠٠ سەرباز لە سوریا و دوو هەزار و ٥٠٠ سەربازیش لە عێراق جێگیر دەکات و دەشڵێت ئەوان لە ئەرکێکدان بۆ ڕاوێژکردن و هاوکاریکردنی هێزەکانی هەردوو وڵات بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش، کە لە ساڵی ٢٠١٤ پێش شکستی دواتر دەستی بەسەر ناوچەیەکی فراوانی عێراق و سوریادا گرت.




AM:10:15:11/08/2024