حەسەن تۆران: دانیشتنی دوێنێ نایاسایی بووە و لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵا تۆمار دەکەین

سەرۆکی بەرەی تورکمانی ئاماژە بەوەدەکات کە لە دانیشتنەکەی دوێنێ لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خوجێی کەرکوک چەندین پێشێلكاری یاسای تۆماركراوەو لە داداگای فیدڕاڵی سكاڵا تۆمار دەكەن، و دەڵێت" دانیشتنەكەی دوێنێ‌ پێكەوە ژیان و سازانی تێكدا".

ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی ئابی ٢٠٢٤ حەسەن تۆران سەرۆكی بەرەی توركمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" ئەوەی پێیوایە بە دابەشكردنی پۆستەكان كێشەكان چارەسەر دەكات لە خەیاڵدا دەژی، كێشەی كەركوك بە دابەشكردنی پۆستەكان چارەسەرنابێت".

وتیشی" ئەوەی دوێنێ‌ روویدا دژی سازان و پێكەوە ژیانی پێكهاتەكانی كەركوك بوو، توركمان پێكهاتەیەكی سەرەكین لەم پارێزگایەو هیچ لایەنێك نانوانێت فەرامۆشبیكات".

سەرۆکی بەرەی تورکمانی دەشڵیت" كۆبونەوەكەی دوێنێ‌ پێشێلكردنی یاسایەو دەبێت سەرۆكی تەمەن سەرۆكایەتی كۆبونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەن و پارێزگار بكات، بەڵام بانگهێشتی كۆبونەوەكە نەكراوە".

ئاماژەی بەوەشدا جەماوەری كەركوك پرسیاری ئەوە دەكەن كۆبونەوەكە لە بەغداد كراوە بۆ لە كەركوك نەكراوە لەكاتێكدا دۆخی كەركوك ئارامەو  كەركوك جیاوازە لە دیالە.

حەسەن تۆران راشیگەیاند" نەبوونی توركمان لە دانیشتنەكانی دوێنێ‌، پێشێلكاریەكی گەوریەو دانیشتنەكە بەتاڵەو لە دەرەوەی یاسایەو ئەنجامەكانی رەتدەكەینەوەو لە دادگای باڵای فیدڕاڵی سكاڵا تۆمار دەكەین".

ئێوارەی دوێنێ ١٠ی ئاب لە بەغدا لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەڕێوەچوو، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی پێنج ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکێتی و ئەندامێکی بابلیۆن و سێ ئەندامی هاوپەیمانی عەرەبی بەڕێوەچووو. هاوکات نۆ ئەندام بەشداری کۆبوونەوەکەی کر کە ٥١٪ ئەندامانی ئەنجومەنە و تێیدا پارێزگاری کەرکوک لەسەر پشکی یەکێتی درا بە د.ڕێبوار تەها و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا درا بە محەمەد حافز.





AM:11:07:11/08/2024