ژنە چالاکوانێکی کورد و خەڵکی پیرانشار کە ساڵی ڕابردوو دەسگیرکرابوو و دواتر سزای ٩ مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی ورمێ کرا.
ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە" سورەیا قەیتەران خەڵکی گوندی (کانی مەلا) سەر بە شاری پیرانشار دوای بانگکردنی بۆ ژووری جێبەجێکردنی سزاکانی ئەو شارە دەستگیرکرا و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٩ مانگ زیندانیکردنی کە پێشتر بەسەریدا سەپێندرابوو، بۆ زیندانی ژنانی بەندیخانەی ناوەندی ورنێ گواسترایەوە".
ڕێکخراوی هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، سورەیا قەیتران زستانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر سەجاد دوستی بە تۆمەتی "هاوکاری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران" سزای ٩ مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.