وەزارەتی تەندروستی هاوڵاتیانی هەرێم ئاگادار دەکاتەوە

وەزارەتی تەندروستی لە نووسراوێکدا پزیشکانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین ئاگاداردەکاتەوە، کە دەبێت لە ڕۆژانی ئێشکگری بە بەردەوامی لە نەخۆشخانە بن، دەشڵێت" بەکارهێنانی ئامڕازەکانی وێنە، ڤیدیۆی نەخۆش ‌و ڕاوێژکردن بە مۆبایل‌ و هەر ئامڕازێکی دیکە بە تەواوەتی قەدەغەیە"

ئەمڕۆ یەکسەممە ١١ی ئاب، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێم لەبارەی دەوامی پزیشکانی پسپۆڕو نیشتەجێی دێرین چەند بڕیارێکی دەرکرد و گشتاندنی پێکردووە بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە تەندروستییەکانی هەرێم.

وەزارەتی تەندروستی لە نووسراوێکدا پزیشکانی پسپۆڕ، نیشتەجێی دێرین ئاگادار دەکاتەوە، کە دەبێت لە ڕۆژانی ئێشکگری بە بەردەوامی لە نەخۆشخانەدا بن، هەروەها نابێت پزیشکی پسپۆڕ لە ڕۆژانی ئێشکگریی لە نەخۆشخانەی تایبەت یان نۆرینگەی تایبەت دەوام بکات، بەڵکو تەواوی ئێشکگریی لە دەوامی حکوومی دەبێت.

لەبەشێکی دیکەی بڕیارەکەی وەزارەتی تەندروستی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کراوەتەوە، نابێت ڕۆژی ئێشکگری پزیشکی پسپۆڕو پزیشکی نیشتەجێی دێرین بەشێوەی پەیوەندی (On Call) لە دەرەوەی نەخۆشخانەدا ‌بن ‌و لەکاتی بوونی نەخۆش پەیوەندییان پێوە بکرێت، بەڵکو پێویستە بەبەردەوامیی لەناو نەخۆشخانەدا بن.

وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەشکردووە، بەکارهێنانی ئامڕازەکانی وێنە، ڤیدیۆی نەخۆش ‌و ڕاوێژکردن بە مۆبایل‌ و هەر ئامڕازێکی دیکە بە تەواوەتی قەدەغەیە، تەنها پێویستە نەخۆش ڕاستەوخۆ پشکنین‌و چارەبکرێت بە ئامادەبوونی پزیشک، پزیشکی نیشتەجێی خولاو و دێرینیش بۆیان نییە ڕا و سەرنج، ڕاسپاردە و راوێژکاریی بە تەلەفۆن لە پزیشکی ئێشکگر وەربگرێت، بەڵکو پێویستە ئامادەبێت لەلای نەخۆش.




PM:08:20:11/08/2024