هاوردەی بەرهەمێک بۆ هەرێم قەدەغە دەکرێت

 

شاندێکی هاوبەشی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم و عێراق سەردانی سنووری بازیان و پێنجوێنیان کرد، بە مەبەستی قەدەغەكردنی هاوردەكردنی بەرهەمەكانی سەوزە، دەشڵێن بریاڕی قەدەغەکە لە پێناوی پاراستنی جوتیارانی سنوورەكەیە لە زەرەر.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی ئاب لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە"شاندێکی هەرێم و عێراق سەردانی سنووری بازیان و پێنجوێنیان کرد، بەمەبەستی داخستنی مەرزەكانی سەرسنوور لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بۆ قەدەغەكردنی هاوردەكردنی بەرهەمەكانی سەوزە، كە لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان هاتووەتە بەرهەم و تا ناوەڕاستی مانگی (١١) بەردەوام دەبێت".

ئاماژەی بەوەکرد"لەسەر بڕیار و ڕاسپاردەی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، تیمێكی وەزارەت سەردانی كێڵگەی سەوزەی پارێزراو و كێڵگەی كراوەیان کرد لە سنووری هەردوو قەزای پێنجوێن و بازیان".


لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە"گفتۆگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی یەكی ئیداری و جوتیارانی سنوورەكە کرا، بە ئامانجی دڵنیابوونەوە لە هەبوونی بڕی بەرهەمی پێویست بەپێی خواستی دانیشتوانی عێراق لەم وەرزەدا، بۆ ئەوەی پاڵپشت بەو هەوڵ و لێكتێگەیشتنانەی لە نێوان هەردوو وەزارەتی هەرێم و فیدراڵ هاتووەتە ئاراوە ، بڕیاری داخستن و قەدەغەی هاوردەكردنی بەرهەمەكانی سەوزەی هاوینە بە گشتی و بە تایبەتی خەیار و تەماتە و شوتی و كاڵەك بدرێت".


وەزارەتی کشتوکاڵ جەختی لەوەشکردەوە" قەدەغەی هاوردەکردن لە پێناوی پاراستنی جوتیارانی سنوورەكەیە لە زەرەر و هاندانیان بۆ بەردەوامی كشتوكاڵكردن و بەرەو پێشبردنی" .

 




PM:10:59:11/08/2024