بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت" ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ھیچ کێشە و گرفتێکی نییە و و دەنێردرێت".
مەسعود حەیدەر بریکاری وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ی ئابی ٢٠٢٤ لە ڕوونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە دواکەوتنی مووچەی مانگی تەموزی ئەمساڵی فەرمانبەرانی ھەرێم، ڕایگەیاندووە" بەپێی یاسا و رێنماییەکان دیوانی چاودێری دارایی پێداچوونەوە بە خەرجی دەوڵەت دەکات بۆ ھەموو مانگەکانی یەک ھەتا مانگی شەشی ٢٠٢٤ (خەرجی نیو ساڵ) بە وانەی ھەریمی کوردستانیشەوە".
مەسعود حەیدەر ئاماژەی بەوەشکردووە، پێداچوونەوەکە بەردەوامە، وەزارەتی دارایی - فەرمانگەی موازنە ھەوڵی تەواو ئەدەن بۆ تەواوکردنی پێداچوونەوەکان لە کەمترین ماوەدا و داواکردن لە فەرمانگەی ژمێریاری بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم.
لەبارەی لیستی مووچەی مانگی ئابیش بریکارەکەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ دەڵێت" گرنگە وەزارەتی دارایی ھەرێم بە زووترین کات لیستی مووچەی مانگی ھەشت رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بکات، بە تەواوبوونی پێداچوونەوەی مانگەکانی پێشوو، لە مانگەکانی داھاتوو مووچەی ھەرێم دواناکەوێت".
مەسعود حەیدەر دەشڵێت" وەزارەتی دارایی فیدراڵی ھەموو جوھدێک دەکات بە ھەماھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی کارە ئیدارێکان تەواو بکات و مووچە بنێرێت".
جەختیش دەکاتەوە کە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەريم ھیچ کێشە و گرفتێکی نییە و و دەنێردرێت و لە مانگەکانی داھاتووش کێشەی نابێت.