دوو کچی ئێزیدی لە کەمپی هۆلی سوریاوە گەڕێندرانەوە بۆ عێراق

دوو کچی ڕفێندراوی ئێزیدی دوای ڕزگاربوونیان لە کەمپی هۆلی سوریاوە گەڕێندرانەوە بۆ عێراق. 

یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە" هێزەكانی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەی هێزەكانی سنور، توانیان دوو كچی ئێزیدی كە لە لایەن داعشەوە رفێندرابون لە کەمپی هۆلی سوریاوە بگەڕێندرێنەوە عێراق و رادەستی كەسوكارییان بكەنەوە". 

ئەوەشی خستەڕوو، یەكێك لە كچە ڕزگاربووەکان تەمەنی ١٠ ساڵانە و ناوی خونافە، هەروەها خەڵکی گوندی کۆجۆیە، دووەمیان تەمەنی ٢٤ ساڵە کە لە ساڵی ٢٠١٤ لە کاتی داگیرکردنی ناوچەکانی شنگال لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ڕفێندراون. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، سودانی سەرپەرشتی دۆسیەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزیدی دەكات و لە چەندین كۆبونەوە و بۆنەدا جەختی لە گەڕاندنەوەی سەرجەم رفێندراوان و خستنەگەڕی تەواوی هەوڵ و تواناكان بۆ ئەو مەبەستە كردۆتەوە.



PM:07:33:12/08/2024